فێرخوازانى بەشى نيوتريشن و دايەتێتکس پەرە بەتوانا زانستیەکانیان دەدەن
ڕۆژى یەکشەممە ڕێکەوتى (٥/١٢/٢٠٢١) فێرخوازانى قۆناغى چوارەمى بەشى نيوتريشن و دايەتێتکس لە هۆڵى ئەکادیمیاى جیهان بەشداریان لە چالاکیەک کرد، کە تایبەت بوو بەبەرزکردنەوەى توانا و لێهاتوویان لە بوارى پێشکەشکردنى بابەتەکان بەشێوەیەکى زارەکى.
پێشبڕکێ زانستیەکە، بەسەرپەرشتى دکتۆر بەهناز شەهروخستانى بەڕێوەچوو، کە تیایدا (٢٠) فێرخواز بەشداریان تێدا کرد، لەسەرەتاى چالاکیەکەدا هەر فێرخوازێک نەخۆشییەکى دیارى دەکرد، پاشان گفتوگۆى لەبارەەوە دەکرد و، ڕێنمایی و ڕاسپاردەى پزیشکى بۆ نەخۆش دەنووسى، لە کۆتایشدا بابەتەکەى پێشکەش دەکرد و، وەڵامى پرسیارى هاوڕییەکانیشى دەدایەوە بەخێراترین شێوە، بەو شێوەیە سەرجەم فێرخوازانى بەشداربوو توانیان بەشێوەیەکى کارا بەشدارى چالاکیەکە بکەن و بابەتەکانیان بەشێوەیەکى زارەکى پێشکەش بکەن.
ئامانجى سەرەکى لە ڕێکخستنى ئەو پێشبڕکێ زانستیە ئامادەکردنى زیاترى فێرخوازانە بۆ کاری داهاتوویان، بەتایبەت لە کاتى خوێندنى ماستەر و دکتۆرا و، بەشداریکردنى لە کۆنفرانس و سیمینارى زانستى، لەهەمانکاتدا دەبێتە هاندەرێکى گرنگ بۆ بەرزکردنەوەی تواناى فێرخواز بۆ پێشکەشکردنى ووتار و شیکردنەوەی ڕەخنەیی و، توانای چارەسەرکردنی کێشەکان.