فێرخوازانى بەشى نیوتریشن و دایەتێتکس تاقیگەکانى دەستەى تایبەتمەندى وپێوەرەکان بەسەردەکەنەوە
لە چوارچێوەى سەردانە زانستیەکانى سەرۆکایەتى بەشى نیوتریشن و دایەتێتکس لە زانکۆى جیهان-هەولێر، کە بۆ فێرخوازانى قۆناغە جیاکانى ڕێکى دەخات، سەردانى چەند تاقیگەیەکیان کرد..
ڕۆژى سێ شەممە ڕێکەوتى(/28/9/2021) بە سەرپەرشتی (دکتۆره سارە عمر سوار) فێرخوازانى قۆناغى سێیەمى بەشى نیوتریشن و دایەتێتکس سەردانى تاقیگەکانى دەستەى تایبەتمەندى وپێوەرەکانى سەر بە وەزارەتى پیشەسازى حکومەتى هەرێمى کوردستانیان کرد.
لە میانەى ئەو سەردانە زانستیەدا، دواى ئەوەى بەگەرمى لەلایەن لێپرسراوانى دەستەکە بەگەرمى پێشوازییان لێکرا، ئینجا ڕونکردنەوەى پێویستیان لەبارەى پێکهاتەى تاقیگەکانیان و، ئەو پشکنینانەى لە بوارى هەستەوەرى، فیزیاى، کیمایی و میکرۆبەکان کە بۆ خواردنەکان ئەنجامى دەدەن پێشکەش بەفێرخوازانیان کرد، هەروەک باسى ئەو پشکنیانەشیان کرد کە بۆ خۆراک و کەلوپەلى دیکە لە بازار ئەنجامى دەدەن..
هەر لە میانەى ڕونکردنەوەکانیاندا، بۆ فێرخوازانى زانکۆى جیهان باسیان لە چۆنیەتى و شێوازى کارکردنیان بەتایبەت لە دەرکردنى بڕوانامە و کارئاسانیکردن بۆ کۆمپانیا ناوخۆییەکان کرد.
ئەم سەردانە زانستیە بەلایەنێکى گرنگى وانەکان دادەنرێت بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربوونى فێرخوازان لەسەر سێکتەرە جیاوازەکانى کارکردن لە بواری زانستی خۆراک لە کوردستان..