فێرخوازانى مایکرۆبایۆلۆجی پزیشکی بەڕێوەبەرایەتی کاروباری تەندروستی بەسەر دەکەنەوە
لەچوارچێوەی چالاكییەكانی بەشی مایکرۆبایۆلۆجی پزیشکی لە زانکۆی جیهان – هەولێر، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتى (25/9/2022) بەسەرپەرشتی مامۆستاى یاریدەدەری مستەفا ذنون يونس چالاکیەکى بۆ فێرخوازانى قۆناغى سێیەم ڕێکخست.
لە میانەى ئەو چالاکیەدا، کە بەڕێوەبەرایەتی کاروباری تەندروستی هەولێریان بەسەرکردەوە، فێرخوازان لە ڕێگەى بەشەکانى (تەندروستى کۆمەڵ) و (ڤاکسینەکان) ئاشناى پەتا و نەخۆشییە گوازراوەکان کران، بەتایبەتی لە چوارچێوەی بەرکەوتنی کەسیدا، لەگەڵ ڕادەی بڵاوبوونەوەیان و، چۆنیەتی سنووردارکردن و خۆپاراستن لە پەتاکان، هاوکات فێرخوازان زانیارى پێویستیان پێدرا لەبارەى جۆرەکانی ڤاکسینی بەردەست و گرنگیان بۆ پاراستنى گیانى هاوڵاتیان.
فێرخوازان بە گرنگیەوە لەسەردانە مەیدانیەکەیان ڕوانى و، جەختیان لەسەر ئەوەش کردەوە، کە ئەو رێوشوێنانەی لەلایەن كارمەندانی تەندروستی گیراونەتەبەر، وانەیەكی زۆر گرنگى بۆ پێشکەشکردون تا لە داهاتوودا لە ژینگەی كار بۆ خۆپاراستن پیادەیان بکەن.