فێرخوازانى یاسا چاکسازى گەورانى هەولێر بەسەردەکەنەوە
بەمەبەستى ئاشنابوون بەچۆنیەتى مامەڵەکردن لەگەڵ کەسانى ڕاگیرا و سزادراو لە چاکسازییەکان، سەرۆکایەتى بەشى یاسا لە زانکۆى جیهان-هەولێر سەردانێکى مەیدانى بۆ فێرخوازانى ڕێکخست.
ڕۆژى چوارشەممە ڕێکەوتى (١٩/١٠/٢٠٢٢) بەسەرپەرشتى دکتۆر عیماد فەتاح ئیسماعیل، فێرخوازانى قۆناغى سێیەمى بەشى یاسا لە زانکۆى جیهان-هەولێر سەردانى جاكسازي گەورانیان کرد.
مامۆستایان و فێرخوازان لەلایەن بەڕێزان ڕێدار لێپرسراوى هۆبەى یاسایی و، رائد بەرپرسى هۆبەى توێژەران پێشوازيان لێکرا، دواتر لە هۆڵى کۆبونەوەکان کورتەیەکیان لەبارەى چاکسازى گەوران و چۆنیەتى مامەڵەکردن لەگەڵ بەندکرا و ڕاگیراوەکان لە ڕووى یاسایەوە بۆ فێرخوازان کرد.
لە وێستگەیەکى دیکەى سەردانەکەیاندا و، بۆ زیاتر ئاشنابوون بەژینگەى کارکردن بەتایبەت لە ڕووى یاسایەوە فێرخوازان بەشەکانى پێشوازیان بەسەرکردەوە، لەو بەشەدا زانیارى پێویستیان لەبارەى چۆنیەتى وەرگرتنى سزادراوانى نوێ و چۆنیەتى پڕکردنەوەى دۆسیەى تایبەت وەرگرت، هاوکات لە هۆبەى دۆسیەى سزادراوانیش فێرخوازان ئاشناى دۆسیەى سزادراوان بوون، کە چۆن ڕۆژ بەڕۆژ بەپێى ڕێکەوتى ئازادابونیان مامەڵە لەگەڵ سزادراوان دەکرێ و دواى تەواوبوونى ماوەیى یاسایی سزاکانیان ئازاد دەکرێن، پاشان بەشەکانى چێشتخانە و نانەواخانەى چاکسازییەکەیان بەسەرکردەوە، کە لەلایەن خودى سزادراوان و لە چوارچێوەى یاسا کارپێکراوەکان خواردن ئامادە دەکەن.
لە کۆتا وێستگەى سەردانەکەیاندا، مامۆستا و فێرخوازانى یاسا لەگەڵ دادوەرى داواکارى گشتى لەناو چاکسازییەکە کۆبونەوە، ئەویش ڕونکردنەوەى یاسایی پێویستى لەبارەى سزادراوان و ڕاگیراوان پێشکەش بەفێرخوازان کرد.