
فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن نووسینگەی تۆڕی میدیایی ڕووداو لە دهۆك بەسەردەكەنەوە
- Categories بەشی راگەیاندن
- Date تشرینی یەکەم 19, 2026
ڕۆژی شەممە ڕێككەوتی 17-10-2026، لە درێژەی گەشتە زانستی و مەیدانییەكەیاندا بۆ شاری دهۆك، بەشی ڕاگەیاندن لە زانكۆی جیهان-هەولێر، بە سەرپەرشتیی مامۆستای یاریدەدەر (ئەحمەد جەمال حەمەكەریم)، سەردانێكی مەیدانیی بۆ فێرخوازانی قۆناغەكانی (دووەم و سێیەم)ی بەشەكە بۆ نووسینگەی تۆڕی میدیایی (ڕووداو) لە شاری دهۆك ڕێكخست.
لە دەستپێكی سەردانەكەدا، مامۆستای سەرپەرشتیار و فێرخوازان لەلایەن (سلێمان ئالیخان)، بەرپرسی پڕۆژەی دیجیتاڵیی (ڕووداو ڕەنگین) لە دهۆك، پێشوازییەكی زۆر گەرمیان لێ كرا.
بۆ ئەوەش وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆی بەم بەسەركردنەوەیە، ئاماژەی بەوە دا كە ئەمە یەكەمین شاندی ئەكادیمی و زانكۆییە كە بە فەرمی سەردانی نووسینگەی ڕووداو لە دهۆك دەكات.
هاوكات تیشكی خستە سەر ڕۆڵ و قورسایی كاری نووسینگەی ڕووداو لە دەڤەری بادینان لە گواستنەوەی خێرای ڕووداوەكان، ڕووماڵی مەیدانی و ئامادەكردنی ڕاپۆرتی تایبەت بە شێوەزاری بادینی.
هەر لە میانی دیدارەكەدا، (سلێمان ئالیخان) بە وردی باسی لە فەلسەفە و ئامانجەكانی پڕۆژەی (ڕووداو ڕەنگین) كرد وەك پلاتفۆرمێكی نوێ و داهێنەرانەی تۆڕەكە لە سۆشیال میدیادا.
سلێمان ئالیخان ڕوونیشیكردەوە كە ئەم پڕۆژەیە درێژكراوەی ئەو ڕێبازە پیشەییەیە كە مێژووەكەی بۆ سەرەتای درووستبوونی ڕووداو دەگەڕێتەوە لە بەهاری ساڵی 2008دا لە هەفتەنامەی ڕووداو و تا ئەمڕۆش بەردەوامە.
ئاماژەشی بەوە دا كە ڕووداو ڕەنگین هەوڵێكە بۆ گۆڕینی یاساكانی كاری میدیایی دیجیتاڵی لە دەڤەرەكەدا لە ڕێگەی بەهێزكردنی ڕۆژنامەوانیی هاووڵاتی (سەیركردنی خەڵك وەك پەیامنێر و وێنەگر و نووسەر)، گێڕانەوەی چیرۆكە مرۆییەكان و بەرهەمهێنانی ناوەڕۆكی تێروتەسەل بە شێوەزاری بادینی لەسەر پلاتفۆرمە مۆدێرنەكان، بە ئامانجی ئاوەدانكردنەوە و ڕەنگینتركردنی پانتایی سۆشیال میدیا و بەستنەوەی میدیا بە هۆشیاریی كۆمەڵگەوە.
دواتر، فێرخوازان بەشە جیاوازەكانی نووسینگەكەیان بەسەركردەوە، لەوانە: ژووری هەواڵ، ژووری مۆنتاژ، ژووری پەخش و ستۆدیۆی وێنەگرتنی سەرەكی.
لەكۆتاییدا، لەلایەن مامۆستای یاریدەدەر (ئەحمەد جەمال حەمەكەریم)، بە ناوی سەرۆكایەتیی بەشی ڕاگەیاندنەوە، سوپاس و پێزانین ئاراستەی بەڕێز (سلێمان ئالیخان) و تەواوی ستافی نووسینگەی تۆڕی میدیایی ڕووداو لە دهۆك كرا، بۆ پێشوازیی شایستە و ڕەخساندنی ئەم دەرفەتە زانستییە گرنگە بۆ ئاشناكردنی فێرخوازان بە ڕەهەندە مۆدێرنەكانی كاری میدیایی و دیجیتاڵی.
فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن سەردانی كتێبخانەی ناوەندیی دەزگای خانی لە دهۆك دەكەن
You may also like
لە شارى دهۆك، فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن؛ نووسینگەی كەناڵی ئاسمانیی سپێدە بەسەردەکەنەوە
فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن سەردانی كتێبخانەی ناوەندیی دەزگای خانی لە دهۆك دەكەن
