
فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن ڕادیۆی دهۆك بەسەر دەكەنەوە
- Categories بەشی راگەیاندن
- Date تشرینی یەکەم 19, 2026
ڕۆژی شەممە ڕێككەوتی 17-10-2026، لە درێژەی گەشتە زانستی و مەیدانییەكەیاندا بۆ شاری دهۆك، بەشی ڕاگەیاندن لە زانكۆی جیهان-هەولێر، بە سەرپەرشتیی مامۆستای یاریدەدەر (ئەحمەد جەمال حەمەكەریم)، سەردانێكی مەیدانیی بۆ فێرخوازانی هەردوو قۆناغی (دووەم و سێیەم)ی بەشەكە بۆ ڕادیۆی دهۆك ڕێكخست.
لە دەستپێكی سەردانەكەدا، مامۆستای سەرپەرشتیار و فێرخوازان لەلایەن (ئەمیر سدیق عەبدوڵا)، بەڕێوەبەری ڕادیۆی دهۆك، پێشوازییەكی گەرمیان لێ كرا و ناوبراو خۆشحاڵیی خۆی بەم سەردانە زانستییەی فێرخوازان دەربڕی.
لە میانی وتەكانیدا، بەڕێوەبەری ڕادیۆ تیشكی خستە سەر پێگە و گرنگیی بەردەوامیی ڕادیۆ لە سەردەمی فرەمیدیاییدا و، باسی لە تایبەتمەندییە ناوازەكانی ئەم میدیایە كرد لە خێرایی گەیاندنی پەیام، كاریگەریی سۆزداریی دەنگ لەسەر بیسەر و، درووستكردنی وێنە لە خەیاڵی وەرگردا.
هاوكات جەختی لەوە كردەوە كە ڕادیۆ بە باشترین و گرنگترین خاڵی دەستپێك بۆ قوتابیان و میدیاكاران دادەنرێت تا خۆیانی پێ پێبگەیەنن؛ چونكە كاری ڕادیۆیی ڕاهێنانێكی بنەڕەتییە بۆ بەهێزكردنی زمانەوانی، بێژەری، ئەدای دەنگ، زاڵبوون بەسەر ترس، كە سەرجەمیان كۆڵەكەی سەركەوتنی هەر میدیاكارێكن لە هەموو بوارەكانی دیكەدا.
پاشان، فێرخوازان بەشە جیاوازەكانی ڕادیۆكەیان بەسەركردەوە، لەوانە ژووری پەخش و ستۆدیۆكانی تۆماركردن و دەنگ. لەوێشدا لە نزیكەوە ئاشنای چۆنیەتیی بەكارهێنانی مێكسی دەنگ (Audio Mixer)، مایكرۆفۆنە تایبەتمەندەكان، بەرنامەكانی مۆنتاژی دەنگ و پرۆسەی پەخشی ڕاستەوخۆی شەپۆلەكان بوون.
لەكۆتاییدا، لەلایەن مامۆستای یاریدەدەر (ئەحمەد جەمال حەمەكەریم)، بە ناوی سەرۆكایەتیی بەشی ڕاگەیاندنەوە، سوپاس و پێزانین ئاراستەی بەڕێوەبەری ڕادیۆ (ئەمیر سدیق عەبدوڵا) و تەواوی ستافی ڕادیۆی دهۆك كرا، لە بەرامبەر پێشوازیی شایستە و ڕەخساندنی ئەم دەرفەتە زانستییە گرنگە بۆ ئاشناكردنی فێرخوازان بە هونەر و بنەماكانی كاری ڕادیۆیی.
لە دهۆک گروپێک لە فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن كەناڵی دهۆك سپۆرت بەسەردەكەنەوە
You may also like
لە شارى دهۆك، فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن؛ نووسینگەی كەناڵی ئاسمانیی سپێدە بەسەردەکەنەوە
فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن نووسینگەی تۆڕی میدیایی ڕووداو لە دهۆك بەسەردەكەنەوە
