
لە دهۆک گروپێک لە فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن كەناڵی دهۆك سپۆرت بەسەردەكەنەوە
- Posted by University Press
- Date تشرینی یەکەم 19, 2026
ڕۆژی شەممە ڕێككەوتی 17-10-2026، لە درێژەی گەشتە زانستی و مەیدانییەكەیاندا بۆ شاری دهۆك، بەشی ڕاگەیاندن لە زانكۆی جیهان-هەولێر، بە سەرپەرشتیی مامۆستای یاریدەدەر (ئەحمەد جەمال حەمەكەریم)، سەردانێكی مەیدانیی بۆ فێرخوازانی قۆناغەكانی (دووەم و سێیەم)ی بەشەكە بۆ كەناڵی تەلەفزیۆنیی (دهۆك سپۆرت) ڕێكخست.
لە دەستپێكی سەردانەكەدا، مامۆستای سەرپەرشتیار و فێرخوازان لەلایەن (كەمال موحەممەد شەریف)، بێژەر و پێشكەشكاری دیاری كەناڵەكە، پێشوازییەكی گەرمیان لێ كرا، لە وتەیەکیدا خۆشحاڵیی خۆی بەم سەردانە زانستییە دەربڕی. لە میانی بەسەركردنەوەكەدا.
هاوکات تیشكی خستە سەر كار و چالاكییەكانی كەناڵی دهۆك سپۆرت وەک كەناڵێكی وەرزشیی تایبەتمەند؛ لەوانە بایەخدانی تایبەت بە گواستنەوەی ڕاستەوخۆ و ڕووماڵكردنی خول و یارییە ناوخۆییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق بە گشتی و پارێزگای دهۆك بە تایبەتی، لە پاڵ گرنگیدان بە ڕووداو و یارییە نێودەوڵەتی و جیهانییەكان.
جگە لەوەش باسی لە تەكنیكەكانی ئامادەكردن و پێشكەشكردنی بەرنامە گفتوگۆیی و شرۆڤەكارییە وەرزشییەكان كرد و، ڕۆڵی گرنگی شیكاریی هونەری و پیشەیی لە شڕۆڤەكردنی یارییەكاندا بۆ فێرخوازان ڕوونكردەوە.
دواتر، فێرخوازان ژووری پەخشی كەناڵەكەیان بەسەركردەوە و لەلایەن بەڕێز (غەفار ئەمین)، بەرپرسی ژووری پەخش، پێشوازییان لێ كرا. بۆ ئەو مەبەستەش بە وردی قۆناغەكانی كۆنتڕۆڵكردنی ڕەنگ و دەنگ، گۆڕینی دیمەنی كامێراكان لە كاتی ڕاستەوخۆی پەخشكردنی یارییەكاندا و شێوازی هەماهەنگیی تەكنیكی لە نێوان ستۆدیۆ و یاریگەكانی بۆ فێرخوازان شیكردەوە.
لەكۆتاییدا، لەلایەن مامۆستای یاریدەدەر (ئەحمەد جەمال حەمەكەریم)، بە ناوی سەرۆكایەتیی بەشی ڕاگەیاندنەوە، سوپاس و پێزانین ئاراستەی بەڕێزان (كەمال موحەممەد شەریف) و (غەفار ئەمین) و تەواوی ستافی كەناڵی دهۆك سپۆرت كرا، لە بەرامبەر پێشوازیی شایستە و ڕەخساندنی ئەم دەرفەتە زانستییە گرنگە بۆ ئاشناكردنی فێرخوازان بە كاریگەری و بنەماكانی میدیای وەرزشی.



