كردنەوەی فیستیڤاڵی تایبەت بە كورتە فیلمی تایبەت بە مافی مرۆڤ لە زانكۆی جیهان / هەولێر
بە ئامادە بوونی بەڕێز سەروان گۆمەشینی بەڕێوەبەری كاروباری یاسایی لە سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان و نوێنەری یۆنامی و بەڕێوەبەری رێكخراوی ئێزدی و ژمارەیەكی زۆر لە مامۆستایانی زانكۆكان و زانكۆی و مامۆستایان و قوتابیانی زانكۆی جیهان ، ئەمڕۆ یەك شەممە 7 / 4 / 2019 كاتژمێر 11:30 بەیانی مەراسیمی كردنەوەی فیستیڤاڵی كورتە فیلمی تایبەت بە مافی مرۆڤ و كەمینەكان لە هۆڵی VIP لە زانكۆی جیهان / هەولێر كرایەوە ، كە بە هەماهەنگی لە نێوان بەشی پەیوەندیە نێودەوڵەتیەكان و دیپلۆماسی زانكۆی جیهان / هەولێر و رێكخراوی یۆنامی ئامادەكاری بۆ كرابوو . سەرەتای فیستیڤاڵەكە بە پێشكەشكردنی چەند ووتەیەك دەستی پێكرد كە بەم شێوەیەی خوارەوە بوو :
1- ووتەی بەڕێز پ .د. امجد صابر دەلۆ سەرۆكی زانكۆی جیهان / هەولێر كە لەسەرە تادا بەخێرهاتنی ئامادەبوانی كرد و بە ڕێزیان لە ووتەكەیاندا تیشكیان خستە سەر گرنگی دروستكردنی هەماهەنگی لە نێوان زانكۆكان و رێكخراوە نێودەوڵەتیەكان لە چەسپاندنی ئەو چەمكە گرنگانەی كە پەیوەندی راستەوخۆیان بە كۆمەڵگەوە هەیە وەك بابەتەكانی یەكسانی و مافی مرۆڤ و مافی ئافرەت .
2- ووتەی نوێنەری یۆنامی بەڕێز زەیتۆ سیانی كە لە ووتەكەیدا جەختیان لەسەر رۆڵی یۆنامی كرد لە بواری مافی مرۆڤ لە عێراق
پاشان تەوەری دووەمی فیستیڤاڵەكە دەستی پێكرد بە نمایشكردنی 12 كورتە فیلم كە گشتیان بابەتەكانی مافی مرۆڤ و كەمینەكانی لەخۆ گرتبوو . پاش نمایشكردنی فیلمەكان تەوەری سێیەم دەستیپێكرد بە دیبەیتێك كە هەریەك لە بەڕێزان تافگە عمر رشید بەڕێوەبەری گشتی مافی مرۆڤ لە حكومەتی هەرێمی كوردستان و حسام عبدالله بەڕێوەبەری رێكخراوی ئێزدی بۆ بە دۆكیومێنتكردن و م.ی ئاشنا بابان مامۆستا لە زانكۆی جیهان / هەولێر بەشداریان تێداكرد و نزیكەی كاتژمێرێكی خایاند . لە تەوەری چوارەمدا بوار بە ئامادەبوان درا پرسیار لە میوانەكان بكەن و ئەوانیش بە سوپاسەوە وەڵامی پرسیارەكانیان دایەوە . لە دوا تەوەردا راپرسیەك ئەنجامدرا لەسەر بەهێزترین فیلم كە نمایشكرا و بە زۆرینەی دەنگ فیلمی (سەندرێللا) پلەی یەكەمی بەدەست هێناو بەم شێوەیە فیستیڤاڵەكە كۆتایی پێهات .