
لە یەکەم ڕۆژى کۆنفرانسی نێودەوڵەتی قەڵەوی لە زانکۆی جیهان-هەولێر چەندین توێژینەوەى زانستى ئاستبەرز پێشکەش کران
- Categories بهشی نیوتریشن و دایەتێتیکس
- Date تشرینی یەکەم 21, 2026
زانیارییە سەرەکییەکان:
لە ڕۆژی چوارشەممە ڕێککەوتی 21/10/2026، کارەکانی بەرنامەی زانستیی کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی «قەڵەوی: سەردەمێکی نوێی 2026 – خۆپاراستن، چارەسەرکردن و چاودێریی فرەپسپۆڕی» لە زانکۆی جیهان-هەولێر بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیای بەرسامی نێودەوڵەتی بۆ پەرەپێدان و داهێنان، لە ڕێگەی پێشکەشکردنی زنجیرەیەک بابەتى زانستی لایەنەکانى بابەتەکەیان دەوڵەمەندتر کرد.
پڕۆفیسۆر دکتۆر نشوان قحطان محجوب باسى لە هۆکارەکانی قەڵەوی کرد
لە بڕگەی یەکەمی بەرنامە زانستییەکەی کۆنفرانسەکەدا، پڕۆفیسۆر دکتۆر نشوان قحطان محجوب لە بەشی نیوتریشن و دایەتێتیکس لە زانکۆی جیهان-هەولێر، بابەتێکى زانستى بەناونیشانی «ڕوبەڕوبوونەوەی قەڵەوی: کەی، بۆچی و چۆن؟» پێشکەش کرد.
بۆ ئەوەش شیکردنەوەی بۆ قەڵەوی کرد وەک بارودۆخێکی ئاڵۆزی فرەهۆکار، کە کاریگەریی نەریتە خۆراکییەکان، میتابۆلیزم و ژینگەی لەسەرە، بە جەختکردنەوە لەسەر گرنگیی خۆراکی هاوسەنگ و وەرزش لە بەرگرتن لە دەرئەنجامە نەرێنییەکاندا.
دکتۆر شهریار عزیزی باسى لە میتابۆلی کرد
لە بەشى دووەمى یەکەم پانێڵدا، دکتۆر شەهریار عزیزی وەک نوێنەری کۆمپانیای بەرسامی نێودەوڵەتی بۆ پەرەپێدان و داهێنان، بابەتێکی زانستیی دەربارەی «جڕاحیی میتابۆلی: هێڵکارییەکی نوێ بۆ چارەسەری قەڵەوی و نەخۆشییە هاوڕێڕەوەکانی» پێشکەش کرد. لەو چوارچێوەیەدل تیشکی خستە سەر ڕۆڵی نێوەندگیرییە جڕاحییەکان لە کۆنتڕۆڵکردنی شەکرەی جۆری دووەم و داڕشتنی میکانزمەکانى دابەزاندنی کێش بە هەماهەنگیی بەدواداچوونی خۆراکی و کلینیکیی بەردەوام.
دکتۆر توانا کمال مصطفى پێوەرەکانى خستەڕوو
لە درێژەی باسە زانستییەکانى ئەو پانێڵەدا، دکتۆر توانا کمال مصطفى، پسپۆڕی جڕاحیی قەڵەوی و نیشاندانی ئەندام لە نەخۆشخانەی ماجیدی لە هەولێر، بابەتێکى بەناونیشانی «دوایین پێشهاتەکانی نیشاندەرەکانی جڕاحیی میتابۆلی و قەڵەوی» پێشکەش کرد. لە ئاخافتەکەیدا جەختی لەسەر بەکارهێنانی پێوەرە کلینیکییەکان، دیاریکردنی (BMI)، ئامادەکاریی تەندروستی و، پاراستنی نەخۆش لە مەترسییەکان کردەوە.
دکتۆر دانا ماردوک هۆکارەکانی پیربوونى ڕوونکردەوە
لە کۆتایی پانێڵى یەکەمدا، دکتۆر دانا ماردوک، دامەزرێنەری دامەزراوەی Health Gevity Nation، بابەتێکى بەناونیشانی «تەمەندرێژی: چۆن قەڵەوی پیربوون خێرا دەکات و، چۆن پزیشکیی تەمەندرێژی شوێنەوارەکانی پێچەوانە دەکاتەوە؟» پێشکەش کرد. لە میانەى خستنەڕووى بابەتەکەیدا ڕوونکردنەوەی لەبارەی پەیوەندیی نێوان قەڵەوی و پیربوونی بیۆلۆجی (Biological Aging) دا، لەگەڵ ناساندنی بوارەکانی پزیشکیی تەمەندرێژی (Longevity Medicine) بۆ پاراستنی تەندروستی.
You may also like


