ڕێکخراوی ئاڤیار بۆ هۆشیاری ژینگەیی ڕێز و سوپاس پێشکەش بە مامۆستا و فێرخوازانى بەشی کارگێڕی کار دەکات
دوای تەواوبوونی هەڵمەتى نەمام چاندن، کە بەناونیشانى (داهاتوو دەڕوێنین)، کە لەلایەن بەشى کارگێڕى کار لە زانکۆى جیهان-هەولێر بەسەرپەرشتى دکتۆر هاوکار قاسم پیرداود سەرۆکى بەشى کارگێڕى کار بەڕێوەچوو، کە بەهۆیەوە کۆمەڵێک دار و نەمامییان چاند، لە بەرامبەردا ڕێکخراوی ئاڤیار بۆ هۆشیاری ژینگەیی ڕێز و سوپاسى پێشکەش کردن.
ڕۆژى یەکشەممە ڕێکەوتى (٢١/٥/٢٠٢٣) لە ڕێوڕەسمێکدا، کە لە پارکى شانەدەرى شارى هەولێر و بەئامادەبوونى ئەندازیار ژیار جلال بەڕێوەبەرى خزمەتگوزاری و پاراستنی ژینگەى هەولێر و، ئەندازیار رێبین ئەحمد بەڕێوەبەری ئەندازەى پارکەکان لەشارى هەولێر بەڕێوەچوو، ئاسۆ شکاک، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی ئاڤیار بۆ هۆشیاری ژینگەیی ڕێز و سوپاسى ڕێکخراوەکەیانى پێشکەش بە دکتۆر هاوکار قاسم پیرداود سەرۆکى بەشى کارگێڕى کار و مامۆستاى یاریدەدەر بوشرە عەلی و، ژمارەیەک لەو فێرخوازانە کرد، کە لە هەڵمەتى (داهاتوو دەڕوێنین) بەشداربوون.
ڕێوڕەسمەکە بەپێشکەشکردنى چەند وتەیەک دەستپێکرد، کە تیایدا باسى لە گرنگى سەوزکردنى ژینگە و پاککڕاگرتنى ژینگە و بەشداریپێکردنى گەنجان و فێرخوازانى ژینگە لەو پرۆسەیەدا کرد، دواتر ئامادەبوان لە میانەى گفتوگۆیەکدا بۆچوونی خۆیان سەبارەت بە چۆنیەتی پاراستنی ژینگە لە پیسبوون و کاریگەرى زیادکردنی ناوچەی سەوزایی خستەڕوو، بۆ ئەوەش چەند پێشنیازێکى گرنگ بۆ زیادکردنی هۆشیاری ژینگەیی خرانەڕوو.
لە کۆتایی مەراسیمی ڕێزلێناندا بڕوانامەى ڕێز و سوپاس پێشکەش بە مامۆستایانى سەرپەرشتیار و فێرخوازان کرا، ئەوەش لە بەرامبەر ئەو هەوڵ و کار و چالاکیانەى لە ماوەى ڕابردوو لە چەند قوتابخانە و گەڕەک و ناوچەیەکى پارێزگاى هەولێر بۆ سەوزکردنى ژینگە ئەنجامیاندا و، بەهۆیەوە سەدان نەمامیان چاند.