فێرخوازێکی بەشى نیوتریشن و دایەتێتیکس هۆشیارى دەربارەی “خۆراکی زیرەک بۆ هەرزەکاران” لە ناو قوتابیان بڵاودەکاتەوە
بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی تەندروستی لە ناوەندەکانی خوێندن، فێرخوازێکی قۆناغی چوارەمی بەشی نیوتریشن و دایەتێتیکس لە زانکۆی جیهان-هەولێر، ڕۆژی پێنجشەممە (٣٠ی نیسانی ٢٠٢٦ )، سیمینارێکی زانستیی بە ناونیشانی “خۆراکی زیرەک بۆ هەرزەکاران” لە قوتابخانەی جیهان پێشکەشى قوتابیان کرد.
ئەم چالاکییە بەسەرپەرشتی مامۆستا (تانیا سەلام) سەرۆکی بەشی نیوتریشن و دایەتێتیکس بەڕێوەچوو، لە میانی سیمینارەکەدا، فیرخوازەکەى زانکۆى جیهان-هەولێر تیشکى خستە سەر باشترکردنی خووە خۆراکییەکانی ڕۆژانەی هەرزەکاران بە شێوازێکی زانستی و گونجاو لەگەڵ تەمەنیان. فێرخوازی پێشکەشکار ڕوونی کردەوە کە چۆن هەڵبژاردنی خۆراکی زیرەک یارمەتیدەرە لە زیادکردنی تەرکیز، پاراستنی ئاستی وزە و گەشەی تەندروستی جەستە، هەروەها جەختی لە گرنگیی بونیادنانی ژەمە هاوسەنگەکان کردەوە کە هەموو توخمە خۆراکییە بنەڕەتییەکانی تێدا بێت. هاوکات، گفتوگۆ دەربارەی ئەو ئاستەنگییە باوانە کرا کە هەرزەکاران ڕووبەڕووی دەبنەوە، وەک پەنابردن بۆ خواردنە خێراکان (Fast Food)، فەرامۆشکردنی ژەمی بەیانی و زیادەڕۆیی لە خواردنەوە شیرینەکان، کە کاریگەریی نەرێنییان لەسەر ئاستی زانستیی قوتابیان دەبێت.
لە تەوەرێکی دیکەى سیمنارەکەیدا، فێرخوازەکەى بەشى نیوتریشن و دایەتێتیکس ڕێنمایی وردى دەربارەی جێگرەوە تەندروستەکانی سووکەژەم و چۆنیەتی خوێندنەوەی زانیارییەکانی سەر کارتۆنی خۆراک (Food Labels) پێشکەش بە قوتابیانى قوتابخانەکە کرد، هاوکات هانیدان پابەندی کاتەکانی ژەمەکان بن و ڕێژەی خواردنەوەی ئاو زیاد بکەن بۆ پاراستنی هاوسەنگیی جەستەییان. چالاکییەکە بە دانیشتنێکی گفتوگۆیی و وەڵامدانەوەی پرسیاری قوتابیان کۆتایی هات.






