بەشى چارەسەرى سروشتى کۆمەڵێک پێداویستى پزیشکى گەیاندە خانەى بەساڵاچوان
بۆ هاوکارى و کارئاسانیکردن بۆ کەسانى بەساڵاچوو بەتایبەت ئەوانەى لە خانەى بەساڵاچوان ژیان دەگوزەرێنن، بەشى چارەسەرى سروشتى لە زانکۆى جیهان-هەولێر لە چوارچێوەى کارە خۆبەخشیەکانیدا، کۆمەڵێک کەلوپەل و پێداویستى پزیشکى گەیاندە خانەى بەساڵاچوانى هەولێر.
ڕۆژى پێنچ شەممە ڕێکەوتى (٩/٦/٢٠٢٢) بەسەرپەرشتى مامۆستاى یاریدەدەر تەنیا سەلام ساڵح سەرۆکى بەشى چارەسەرى سروشتى، کۆمەڵێک لە فێرخوازان لە قۆناخە جیاکان، چەند کەل و پەل و پێداویستیەکى پزیشکی و ئامێری تایبەت بە چارەسەری فیزیایی پێشکەش بەخانەى بەساڵاچوانى هەولێر کرد، ئامێر و کەلوپەلەکان تایبەت بوون بە کەمکردنەوەی ئازار و بەهێزکردنی ماسولکەکان بەمەبەستی کەمکردنەوەی ئازاری نەخۆشیەکانى ئەو بەساڵاچوانەی کە بەدەست چەندین نەخۆشی جومگە و ئێسک دەناڵێنن.
چالاکیەکە وەک چۆن لەلایەن بەڕێوەبەر و سەرپەرشتیارانى خانەکە بەگرنگیەوە لێى ڕوانرا، لەهەمانکاتدا بوە مایەى خۆشحاڵى فێرخوازان کە بەشدارى چالاکیەکى گرنگى خۆبەخشیان کردوە و خزمەتى چینێکى گرنگى کۆمەڵگەیان کردوە.