فێرخوازانى ئەندازیارى تەلارسازى دیزاینى نەخۆشخانەکان بەسەردەکەنەوە
بەمەبەستى لە نزیکەوە ئاشنابون بەدیزاینى تەلار و باڵەخانەى نەخۆشخانەکان، فێرخوازانى بەشى ئەندازیارى تەلارسازى لە زانکۆى جیهان-هەولێر دیزاینى نەخۆشخانەکان بەسەردەکەنەوە.
لەو چوارچێوەیەدا ڕۆژى سێشەممە ڕێکەوتى (٨/٢/٢٠٢٢) بەسەرپەرشتى پڕۆفیسۆرى یاریدەدەر دکتۆر سەناء محەمەد عومەر، فێرخوازانى قۆناخى چوارەم سەردانى نەخۆشخانەى ڕاوێژکارى (CMC)یان لە شارى هەولێر کرد.
ئەم سەردانە، کە لەبەر ڕۆشنایی بابەتەکانى دیزاینى نەخۆشخانەکان ڕیکخرابوو، لەلایەن سەرپەرشتیارانى نەخۆشخانەکە بەگەرمى پێشوازیان لێکرا، پاشان پێکهاتە و شێوازى دیزاین و دروستکردنى باڵەخانەکەى بۆ فێرخوازانى بەشى ئەندازیارى تەلارسازى زانکۆى جیهان-هەولێر ڕونکردەوە.
لە وێستگەیەکى دیکەى سەردانەکەیاندا، هاوڕێ لەگەڵ لێپرسراوانى لایەنى کارگێڕى نەخۆشخانەکە، فێرخوازان سەرجەم بەشەکانى نەخۆشخانەکەیان بەسەرکردەوە و، ڕونکردنەوەى پێویستیان لەبارەى چۆنیەتى دروستکردنى بەشەکان و شێوازى دروستکردن و مەبەست و ئامانج لە جۆرى دروستکردنى بەشەکان پێشکەش بەفێرخوازان کرد.
ئەو سەردانە زانستیە جگە لەوەى بوە مایەى خۆشحاڵى فێرخوازان، لەهەمانکاتدا بەهەنگاوێکى گرنگ دادەنرێ بۆ لە نزیکەوە ئاشنابون بەشێوازى کارکردن لە داهاتودا بەتایبەت لە دیزاینکردنى باڵەخان و تەلارى نەخۆشخانەکان، کە لە چەندین تایبەتمەندى جیا پێکهاتووە.