فێرخوازانى نيوتريشن و دايەتێتکس بەردەوامن لە پشکنین خۆراک لە کافى و چێشتخانەکانى زانکۆ
بەئامانجى هەڵسەنگاندنى ئەو خواردن و خواردنەمەنیانەى لە کافێ و چێشتخانەکانى زانکۆ ئامادە دەکرێن و پێشکەشى مامۆستایان و فێرخوازان دەکرێ، فێرخوازانى بەشى نيوتريشن و دايەتێتکس لە زانکۆى جیهان-هەولێر بەردەوامى بەکارەکانیان دەدەن.
ڕۆژى چوارشەممە ڕێکەوتى (٨/١٢/٢٠٢١) بەسەرپەرشتى دکتۆر سارە عومەر سوار، فێرخوازانى قۆناغى سێیەمى بەشى نيوتريشن و دايەتێتکس هەڵمەتێکى پشکنین و هەڵسەنگاندنى خواردن و خواردەمەنیەکانیان لە کافى و چێشتخانەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر بەڕێوەبرد.
پاکی و خاوێنی شوێنەکان و ئامرازە بەکارهاتووەکان و پابەندبوونی کرێکاران بەپاک و خاوێنى و، بایەخدانیان بە پاکدروستی تاکەکەسی ئامانجى سەرەکى هەڵمەتەکە بوو، هەربۆیە فێرخوازان چەندین نمونەی ئەو خواردنەیان وەرگرت کە لە چێشتخانەکاندا بەکار دەهێنرێت، لەوانە: وەک گۆشت و پەنیر و کەرەستەکانی تر، دواتریش لە تاقیگەکانى فیزیکی و بایۆلۆجی هەڵسەنگاندنى زانستیان بۆ کرد، فێرخوازان جەخت لە ڕێکەوتى بەکارهێنان و ماوەى بەسەرچوون و، ئاستى پاکوخاوێنى خواردنەکانیان دەکردەوە.
ئەم بەشداریکردنە لەچوارچێوەى ڕاهێنانێکی پراکتیکی مەیدانییە بۆ فێرخوازان دێ، هەروەک بەشداریەکى گرنگ دەکات لە بەستنەوەی ئەو زانیاریانەی کە فێرخوازان لە ماوەی خوێندنی تیۆریدا دەیخوێنن، لەهەمانکاتدا دەبێتە ئەزموونێکى دیکە بۆ کاری مەیدانی فێرخوازان دوای دەرچوون و تەواوکردنى قۆناغەکانى خوێندن بەسەرکەوتوویی.