فێرخوازانى چارەسەرى سروشتى لە نەخۆشخانەى هەولێرى فێرکارى بەشى چارەسەرى سروشتى بەسەر دەکەنەوە
لە بەردەوامى ڕێکخستنى سەردانە زانستیەکانى سەرۆکایەتى بەشى چارەسەرى سروشتى لە زانکۆى جیهان-هەولێر بۆ نەخۆشخانە و بنکە و سێنتەرەکانى چارەسەرى سروشتى بۆ ئاشنا کردنی فێرخوازان بە ژینگە جیاوازەکانی کارکردن، گەشتێکی زانستی بۆ فێرخوازانی بۆ نەخۆشخانەی هەولێری فێرکاری ڕێکخست.
ڕۆژی سێشەم ڕێکەوتی (٧/١١/٢٠٢٣) بە سەرپەرشتی مامۆستا (إسماعيل محسن محمد ) فێرخوازانی قۆناغی دووەمی بەشی چارەسەری سروشتی سەردانی نەخۆشخانەی هەولێری فێرکاریان کرد و، بە گەرمی لەلایەن (ماجد جوهر يابە) سەرۆکی بەشی چارەسەری سروشتی و نەخۆشیەکانى ڕۆماتیزم پێشوازیان لێکرا.
پاشان سەرۆکی بەشی چارەسەری سروشتی و نەخۆشیەکانى ڕۆماتیزم هاوەڵی مامۆستا و فێرخوازانی کرد بۆ بەسەرکردنەوەی بەشەکەیان، لەو چوارچێوەیەدا دواى ئەوەى کورتەیەکى لەبارەى بەشەکەیان بۆ فێرخوازان باسکرد، ئینجا بەشێوەیەکى پراکتیکى زانیاری پێویستى لەبارەى چۆنیەتى بینینی نەخۆش و چارەسەرکردنى نەخۆش پێشکەش بە فێرخوازان کرد، بۆ ئەوەش ڕونیکردەوە، گرنگە ئەوانەى لەم جۆرە بەشانە کار دەکەن سەرەتا زانیارى تەواو لە نەخۆش وەربگرن پاشان چارەسەری فیزیایی پێشکەش بکەن. پاشان فێرخوازان چەند پرسیارێک و سەرەنجیان لەبارەى بەشی چارەسەری سروشتی و نەخۆشیەکانى ڕۆماتیزم جۆرى چارەسەریەکان ئاراستەى سەرۆکى بەشەکە کرد و، ئەویش وەڵامى پێویستى دانەوە.
لە کۆتایدا؛ مامۆستاى سەرپەرشتیار بەناوى سەرۆکایەتى بەشى چارەسەرى سروشتى سوپاسى (ماجد جوهر يابە)ى کرد بۆ پێشکەشکردنى زانیارییەکان و، وەڵامدانەوەى سەرەنج و پرسیارى فێرخوازان.