فێرخوازانی بەشی بایۆلۆجی پزیشکی سەردانى تۆڕی میدیایی ڕووداو دەکەن
لە چوارچێوەى چالاکیەکانى سەرۆکایەتى بەشى بایۆلۆجى پزیشکى لە زانکۆى جیهان-هەولێر بۆ ئاشناکردنى فێرخوازان بە بوارە جیاکانى پزیشکى و هۆشیارکردنەوەى کۆمەڵگە لە بوارى تەندروستى سەردانى (تۆڕى میدیایی رووداو)یان لە شارى هەولێر کرد.
ڕۆژى دووشەممە رێکەوتى(٧/٦/٢٠٢١) فێرخوازانی بەشی بایۆلۆجی پزیشکی زانکۆى جیهان_هەولێر بە سەرپەرشتی مامۆستا (ڕۆژین حسین ڕەحمان) و، یاریدەدەری تاقیگە (فرانک عطا جبرایل) سەردانى تۆڕى میدیایی رووداویان لە شارى هەولێر کرد.
دواى پێشوازیکردن و بەخێرهێنانیان، فێرخوازان بەشداریان لە پرۆگرامێکى پزیشکى کرد، کە هەفتانە لەلایەن دکتۆر ئاراس برادۆستى ئامادە دەکرێت.
لەو بەرنامەیدا، کە وا بڕیارە لە چەند ڕۆژى داهاتوودا پەخش بکرێت، چەند تەوەرێکى تایبەت بە بوارى پزیشکى بەمیواندارى چەند پزیشکێک گفتوگۆیان لەبارەوە کرا، تەوەرى یەکەمى بەرنامەکە تەرخانکرابوو بۆ شیکردنەوەى چۆنیەتی هەڵگرتنی خۆراک لە ناو بەفرگر بەشێوەیەکى تەندروست، هەروەک لە تەوەرى دووەمدا باس لە شیری قوتوو بۆ منداڵان و چۆنیەتی بەکارهێنان و گرتنەوەی شیر بۆ منداڵ کرا. جۆرەکانی شامپۆ و باشی و خراپیەکانی کرایە تەوەرێ کۆتایی بەرنامەکە بۆ ئەوەش گفتوگۆیەکى زانستى لەبارەیەوە کرا.
فێرخوازانى بەشى بایۆلۆجى پزیشکى زانکۆى جیهان-هەولێر بەخستنەڕووى بۆچوون و بیروڕا زانیاریەکانیان و ئاراستەکردنى پرسیارەکانیان لە چوارچێوەی هەریەک لە تەوەرەکان بەشداریان لە بەرنامەکەدا کرد.
سەردانەکە بووە مایەى خۆشحاڵى فێرخوازانی بایۆلۆجی پزیشکی و زیاتر تێگەیشتن و فێربوونی زانستی پزشکی، لە کۆتایشدا لەلایەن سەرپەشتیارانى کەناڵەکە و ئامادەکار و پیشکەشکارى بەرنامەکە سوپاس و دەستخۆشی لە (مامۆستایان و فێرخوازان)ى زانکۆى جیهان-هەولێر کرا.