لە زانکۆى جیهان-هەولێر وۆرکشۆپێک لەبارەى ڕۆژنامەوانى بنکۆڵکارى بەڕێوەچوو
بەشی ڕاگەیاندن و بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتی و دیپلۆماسییەکان لە زانکۆى جیهان-هەولێر وۆرکشۆپێکی هاوبەشیان بەناونیشانی (کاریگەری سیستمە سیاسییەکان لەکاری ڕۆژنامەوانی بنکۆڵکارى لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا) بەڕێوەبرد.
ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتى (8 / 12 / 2021) لە هۆڵى (VIP) لە کەمپسى زانکۆ، بەئامادەبوونى مامۆستایانى بەشەکانى ڕاگەیاندن و، پەیوەندییە نێودەوڵەتی و دیپلۆماسییەکان وۆرکشۆپەکە دەستیپێکرد، لە سەرەتادا مامۆستاى یاریدەدەر عەبیر جەبار مەحمود بابەتێک بەناونیشانى (ڕۆژنامەوانى بنکۆڵکارى و چەمکەکانى) پێشکەشکرا، کە تیایدا بەوردى باسى لە گرنگترین چەمکەکانی پەیوەست بەڕۆژنامەگەری بنکۆڵکارى و تایبەتمەندییەکانی و، گرنگترین ئەو بنەمایانە کرد، کە پێویستە میدیا لەبواری ڕۆژنامەگەریی بنکۆڵکاریدا هەبێت.
هەر هەمان ڕۆژ، دکتۆر هاوژین عومەر عومەر بابەتێکى بەناونیشانی (کاریگەری ڕۆژنامەگەری بنکۆڵکارى لە چاودێریکردنی دەسەڵاتی سیاسیدا) خستەڕوو، کە تێیدا ئاماژەى بە گرنگیی ڕۆژنامەگەری بنکۆڵکارى و کاریگەریی لەسەر سیستمە سیاسییەکان کرد، پاشان باسى لە مۆدێلی ڕۆژنامەگەری بنکۆڵکارى لەسەر ئاستی جیهان وکاریگەریی لەسەر سیستمە سیاسییەکان کرد، کە بەهۆیەوە چەندین یاسای کۆمەڵگەکانى گۆڕیوە.
لە ڕۆژى دووەمى وۆرکشۆپەکەدا، کە لە هۆڵى ئەکادیمیاى زانکۆ بەڕێوەچوو مامۆستاى یاریدەدەر ئاشنا بابان بابەتێکى بەناونیشانى (ڕۆڵی سیستمی سیاسی لەسەر ئازادی ڕاگەیاندن) پێشکەشکرد، لەو چوارچێوەیەدا باسى لە گرنگیی سیستم و یاسای سیاسی لەکاری میدیایی بەگشتی و ڕۆژنامەوانی بنکۆڵکارى بەتایبەتی و چۆنیەتی دەستەبەرکردنی ئازادی پێویست بەپێی سیستمە سیاسییەکانی کاری میدیایی خستەبەرچاو.
لە تەوەرى کۆتایى وۆرکشۆپەکەدا، مامۆستا لەیلا عیسا ئەبولقاسم وانەیەکی بەناونیشانی (ڕێکخستنى یاسایی کاری ڕۆژنامەوانی بنکۆڵکارى لەعیراق) پێشکەش کرد و تێیدا پێداچوونەوەی بەبوارە یاساییەکانی کاری ڕۆژنامەوانی بنکۆڵکارى لەعیراق کرد و، زامنی یاسایی ماف و پاراستنی ڕۆژنامەوان لە دەستورى عێراقى بەوردى باسکرد.
لەکۆتایی وۆرکشۆپەکەدا ئامادەبوان بەخستنەڕووى بۆچوونە زانستییەکان و پرسیارەکانیان بەشداری کاریگەریان لە بابەتەکانى وۆرکشۆپەکە کرد.