یەکەى چارەسەرى سروشتى لە کلینیکى زانکۆى جیهان كارا کرا
بەئامانجى ئاشنابوونى فێرخوازان بەبابەتە تیۆرییەکان و، خزمەتگوزاری تەندروستی بە دروشمی (بایەخ بە تەندروستیتان دەدەین وەک تەندروستی خۆمان)، لە ڕۆژى یەک شەممە ڕێکەوتى (٧/٢/٢٠٢١) بەشى چارەسەرى سروشتى، یەکەى چارەسەرى سروشتى لە کیلینیکى زانکۆى جیهان کارا کرد.
ئەم یەکەیە لە کلینیکى زانکۆى جیهان-هەولێر چەندین ئەرک جێبەجێ دەکات و، خزمەتگوزارى پێشکەش دەکات، کە گرنگترینیان بریتین لە پشکنین و هەڵسەنگاندن و هۆشیارکردنەوەى ئەوانەى پێویستیان بەچارەسەرى سروشتى هەیە، بەتایبەت ئەو کەسانەى ئازاریان لە (پەلەکان، پشت و مل و شان)یان هەیە، هەروەها یەکەکە هەڵسەنگاندن بۆ هەموو جۆمگەکانی لەش دەکات، هەروەک پشکنین و هەڵسەنگاندن هۆشیارى دەربارەی شێوازی رایکردنی کاروباری رۆژانە لە نوستن و چۆنیەتى وەستان و بەکارهێنانی مۆبایل و هەموو کاروبارەکانی رۆژانە پێشکەش دەکات.
لە یەکەى چارەسەرى سروشتى، شانبەشانى پێشکەشکردنى ئەو خزمەتگوزارییانە بەو کەسانەى سەردانى دەکەن، لەهەمان کاتدا دەبێتە ناوەندێکى زانستى گرنگ بۆ فێرخوازانى بەشى چارەسەرى سروشتى لە زانکۆى جیهان بۆ پراکتیزەکردنى ئەو وانانەى بەشێوەیەکى تیۆرى فێرى دەبن.