فێرخوازانى مایکرۆبایۆلۆجى ڕاهێنان لەبارەى دەستنیشانکردنى نەخۆشى دەکەن
بۆ ئاشناکردنى فێرخوازان بەچۆنیەتى دیاریکردن و دەستنیشانکردنى جۆرى نەخۆشیەکان، لە تاقیگەکانى بەشى مایکرۆبایۆلۆجى پزیشکى زانکۆى جیهان-هەولێر چالاکیەکى زانستى بەڕێوەچوو.
لەو چالاکیەدا، کەبەسەرپەرشتى دکتۆر ئامینە سەباج مەحمود و، بەبەشدارى ژمارەیەک لە مامۆستایانى بەش بەڕێوەچوو، فێرخوازانى قۆناخى دوەمى بەشى مایکرۆبایۆلۆجى پزیشکى و، فێرخوازانى چوارەمى بەشى بایلۆجى گشتى بەشداریان تێدا کرد.
لە میانەى بەڕێوەچونى چالاکیە زانستیەکەدا، فێرخوازان کۆمەڵێک نمونەى خوێنیان وەرگرت و، پاشان بەسود وەرگرتن لە ئامێرەکانى تاقیگەکە پشکنینان بۆ جۆرى نەخۆشیەکان کرد، پاشان شیکردنەوەیان بۆ ئەنجامە بەدەستهاتوەکان کرد و، ئینجا جۆرى نەخۆشیەکانیان دیاریکرد.
چالاکیەکە بوە دەرفەتێکى گرنگ بۆ پەرەپێدان بەئاستى زانستى فێرخوازان لە چۆنیەتى دەستنیشانکردنى نەخۆشیەکان، لەهەمان کاتدا بایەخى زۆرى دەبێت بۆ چۆنیەتى ئەنجامدانى توێژینەوەى زانستى لە داهاتودا، کە بەهۆیەوە دواجار دەتوانرێ خزمەت بەلایەنى تەندروستى تاک و کۆمەڵگە بکرێ.