
فێرخوازانی بەشی زمانى ئینگلیزی چالاکیەکى تایبەت بە زمانى ئینگلیزى لە باخچەی منداڵانی شیاوی ئەهلی بەڕێوەدەبەن
- Posted by University Press
- Date تشرینی دووەم 5, 2026
ڕۆژی چوارشەممە ڕێککەوتی 04/11/2026، گروپێک لە فێرخوازانی قۆناغی دووەم لە بەشی ئینگلیزی لە زانکۆی جیهان-هەولێر بە سەرپەرشتیی مامۆستای یاریدەدەر ڕۆزین حسێن حسێنی چالاکییەکی فێرکاریی زمانی ئینگلیزییان لە باخچەی منداڵانی شیاوی ئەهلی بەڕێوە برد.
ئاشناکردنی منداڵان بە ئەندام و، بەشەکانی جەستە:
لە سەرەتادا ئالاء ئەیمەن عەبدوڵڵا پێشوازیی لە فێرخوازانی زانکۆ کرد. پاشان ڕووەیدە ئەحمەد عەبدوڵڵا بابەتەکەی لە ڕێگەی نیشاندانی ڤیدیۆیەکی فێرکاری لە یوتیوب بەناونیشانی (Head, Shoulders, Kness &Toes) دەست پێ کرد و، منداڵان بە جۆش و خڕۆشەوە ڕاهێنران تا ناوی بەشە بنەڕەتییەکانی جەستە بە زمانی ئینگلیزی بهێنن.
دوابەدوای ئەوە، سوهەیلە سادق ئادەم ڕۆڵی ئەندامەکانی جەستەی لە ئەرکە ڕۆژانەکاندا ڕوون کردەوە و، سوکار فەرهاد ئەنوەریش نموونەی کرداریی وەک بینین، بیستن، ڕۆیشتن، ئاخاوتن و، دەستگرتن بە شتەکانەوە پێشکەش بە منداڵان کرد.
ئەنجامدانی پێشبڕکێ:
بۆ بەهێزکردنی تێگەیشتنی منداڵان، فێرخوازانى بەشى زمانى ئینگلیزى پێشبڕکێیەکیان بەسەر سێ گروپدا ڕێکخست؛ گروپی (A) بە سەرپەرشتیی ڕووەیدە ئەحمەد عەبدوڵڵا، گروپی(B) بە سەرپەرشتیی سوکار فەرهاد ئەنوەر، و گروپی (C) بە سەرپەرشتیی سوهەیلە سادق ئادەم.
لە پێشبڕکێکەدا منداڵان بە بەکارهێنانی وشە ئینگلیزییەکان دەستیان لە ئەندامی ئاماژەپێکراوی جەستەیان دەدا. لە کۆتاییدا گروپی (A) پلەی یەکەم، گروپی (C) پلەی دووەم و، گروپی (B) پلەی سێیەمیان بەدەست هێنا.
ئەم چالاکییە هۆکارێک بوو بۆ گەشەپێدانی فەرهەنگی زمانی ئینگلیزیی منداڵان، زیادکردنی بڕوابەخۆبوون و، بەهێزکردنی کاری بەکۆمەڵ. لە کۆتایدا فێرخوازانى بەشى زمانى ئینگلیزى سوپاسی ستافى (باخچەی منداڵانی شیاوی ئەهلی)یان کرد لە بەرامبەر کارئاسانی بۆ ڕێکخستن و، بەڕێوەبردنی چالاکییەکە.



