
لە شارى دهۆك، فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن؛ نووسینگەی كەناڵی ئاسمانیی سپێدە بەسەردەکەنەوە
- Posted by University Press
- Date تشرینی یەکەم 19, 2026
ڕۆژی شەممە ڕێككەوتی 17-10-2026، لە درێژەی گەشتە زانستی و مەیدانییەكەیاندا بۆ شاری دهۆك، بەشی ڕاگەیاندن لە زانكۆی جیهان-هەولێر، بە سەرپەرشتیی مامۆستای یاریدەدەر (ئەحمەد جەمال حەمەكەریم)، سەردانێكی مەیدانیی بۆ فێرخوازانی هەردوو قۆناغی (دووەم و سێیەم)ی بەشەكە بۆ نووسینگەی كەناڵی ئاسمانیی (سپێدە) لە شاری دهۆك ڕێكخست.
لە دەستپێكی سەردانەكەدا، مامۆستای سەرپەرشتیار و فێرخوازان لەلایەن بەڕێز (ڕەوان سالم)، بەرپرسی پەیوەندییەكانی نووسینگەی دهۆكی كەناڵی ئاسمانیی سپێدە، پێشوازییەكی زۆر گەرمیان لێ كرا و ناوبراو خۆشحاڵیی خۆی بەم بەسەركردنەوەیە دەربڕی. لە میانی وتەكانیدا، باسی لە كار و چالاكییەكانی نووسینگەكەیان كرد لە ڕووماڵكردنی خێرای هەواڵ و ڕووداوەكانی دەڤەری بادینان و گواستنەوەی دەنگ و داواكاریی هاووڵاتییان بۆ سەر شاشەی سپێدە بەشێوازێكی پیشەیی و بەرپرسیارانە. هەروەها تیشكی خستە سەر ئەوەی كە ساڵانە و بەردەوام خول و ڕاهێنانی تایبەتی میدیایی ڕێكدەخەن بۆ گەنجان و فێرخوازان، بە ئامانجی پێگەیاندنی ڕۆژنامەنووس و میدیاكار لێهاتوو بە شێوەیەكی ئەكادیمی و پیشەیی.
لە درێژەی سەردانەكەدا، فێرخوازان چەند بەشێكی سەرەكیی نووسینگەكەیان بەسەركردەوە؛ لە بەشی مۆنتاژ، بەڕێز (زێرەڤان حەمید مزیری) تیشكی خستە سەر قۆناغەكانی دەستكاریكردنی ڤیدیۆ و تەكنیكەكانی مۆنتاژكردنی هەواڵ و ڕاپۆرتی تەلەفزیۆنی، هاوكات باسی لە گرنگیی بەكارهێنانی نەرمەکاڵا هاوچەرخەكان و ڕێكخستنی دەنگ و وێنە كرد بەپێی ستانداردە میدیاییەكان. پاشان، بەڕێز (دۆسكی سەبری)، بەرپرسی سۆشیال میدیا، میكانیزمی گۆڕینی هەواڵ و بابەتە تەلەفزیۆنییەكانی بۆ فۆرماتی كورت و سەرنجڕاكێش لە پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەكاندا بۆ فێرخوازان ڕوونكردەوە و باسی لە شێوازەكانی بەڕێوەبردنی ناوەڕۆك و كارلێككردن لەگەڵ بینەرانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان كرد. لە بەشێكی دیكەدا، بەڕێز (مێڤان سەباح)، بەرپرسی بەشی دۆبلاژ، فێرخوازانی ئاشنا كرد بە پرۆسەی دۆبلاژكردنی دراما و فیلم و دیكۆمێنتارییەكان، جەختیشی لەوە كردەوە كە لە وەرگێڕان و دۆبلاژدا گرنگیی بەو بەرهەمانە دەدەن كە لەگەڵ كولتوور، ڕەوشت و بەها باڵاكانی كۆمەڵگەی كوردەوارییدا بگونجێن و ڕۆڵی ئەرێنی لە پەروەردەكردنی خێزاندا بگێڕن.
هەر لە میانی بەسەركردنەوەكەدا، فێرخوازان سەردانی ستۆدیۆی كەناڵەكەیان كرد و لە نزیكەوە ئاشنای سیستەمی ڕووناكی، دابەشكردنی كامێراكان، شێوازی بێژەری لەبەردەم كامێرا و كۆنتڕۆڵكردنی دەنگ لە ستۆدیۆی پەخشدا بوون.
لەكۆتاییدا، لەلایەن مامۆستای یاریدەدەر (ئەحمەد جەمال حەمەكەریم)، بە ناوی سەرۆكایەتیی بەشی ڕاگەیاندنەوە، سوپاس و پێزانین ئاراستەی (ڕەوان سالم) و سەرجەم بەرپرسانی بەشەكان و كادیرانی نووسینگەی كەناڵی ئاسمانیی سپێدە لە دهۆك كرا، بۆ پێشوازیی شایستە و ڕەخساندنی ئەم دەرفەتە زانستییە گرنگە بۆ فێرخوازانی زانكۆی جیهان-هەولێر.



