
گروپێک لە فێرخوازانی بەشی کارگێڕى کار سەردانێکی زانستیان بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای هەولێر ئەنجامدا
- Categories بەشی كارگێڕی كار
- Date تشرینی یەکەم 15, 2026
ڕۆژی چوارشەممە ڕێککەوتی 14/10/2026، بە سەرپەرشتیی مامۆستای یاریدەدەر هێڤی محمد قادر، ، فێرخوازانی قۆناغی سێیەمی بەشی کارگێڕى کار لە زانکۆی جیهان-هەولێر سەردانێکی زانستییان بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای هەولێر ڕێکخست.
فێرخوازانی زانکۆی جیهان-هەولێر سەرەتا لەلایەن نەجات سلێمان محمد، بەڕێوەبەری کارگێڕی و تەڵعەت عومەر ئیسماعیل، بەڕێوەبەری ژمێریاری بە گەرمی پێشوازییان لێکرا. سەرەتا نەجات سلێمان لە وتەیەکدا بەخێرهێنانی لە فێرخوازان کرد، پاشان کورتەیەکی لەبارەی ئەرک و کارە گرنگەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای هەولێر بۆ فێرخوازان باسکرد، هەروەک ڕوونکردنەوەی پێویستی لەبارەی هەریەک لە هۆبە و یەکە جیاوازەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە پێشکەش بە فێرخوازان کرد.
پاشان بابەتێکی سەبارەت بە هێڵکاریی ڕێکخراوەیی (پێکهاتەی کارگێڕی) پێشکەش کرد، کە بەڕێوەبەرایەتیەکەیان پێکدێت لە بەڕێوەبەری بەڕێوەبردن، هۆبەی خۆیەتی، میلاکات، ئامار، پرسگە و خزمەتگوزاریی دەرکردە و وەرگرتە. ڕوونی کردەوە کە لە ئێستادا کارەکان بە هەردوو شێوازی نەریتی (تۆمار/سجل) و سیستمی نوێی ئەلیکترۆنی بەڕێوە دەبرێن.
هەروەها بە فێرخوازانی ڕاگەیاند: تەواوی بەڕێوەبەرایەتییەکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک، سۆران و ئیدارە سەربەخۆکان سەربە وەزارەتی کارەبان، پاشان تیشکی خستە سەر ئەوەی سەردانیکەرانی بەڕێوەبەرایەتییەکە هاوڵاتییان و فەرمانبەرانی وەزارەتەکانی دیکەن.
لە درێژەی سەردانەکەیاندا، فێرخوازان سەردانی ژووری خۆیەتییان کرد؛ بۆ ئەم مەبەستە سەردار مغدید، بەڕێوەبەری ژووری خۆیەتی تیشکی خستە سەر شێوازی کارکردنیان کە بریتی بوو لە وەڵامدانەوەی نووسراوەکان، گشتاندن، ڕێز و پێزانین، سزادان و خانەنشینی. پاشان باسی لە دوو جۆری جیاوازی مۆڵەت کرد کە بریتیبوون لە مۆڵەتی بەمووچە و مۆڵەتی بێمووچە.
لە بەشێکی دیکەی چالاکییەکەدا، فێرخوازان سەردانی بەشی میلاک و ئاماریان کرد و، لەوێش لاوان نیعمەت، بەڕێوەبەری بەشەکە وتى: لەم بەشەدا ناو و زانیاریی تەواوی فەرمانبەرانی تێدا تۆمار کراوە، هاوکات باسی لە ئەرک و مافی فەرمانبەران کرد لە وەرگرتنی سەرمووچەی ساڵانەدا، کە لە کاتی وەرگرتنی ڕێز و پێزانیندا سەرمووچە پێش دەکەوێت، بەڵام بە سزادان دوا دەکەوێت.
لە وێستگەیەکى دیکەى سەردانەکەیاندا، فێرخوازان سەردانی بەشی دەرکردە و وەرگرتەیان کرد؛ لەو چوارچێوەیەشدا نەجات سلێمان بە وردی ڕوونکردنەوەی بە فێرخوازان دا سەبارەت بە کاروباری بەشەکە، کە وەرگرتە بریتییە لەو نووسراوەی لە دەرەوە بۆ وەزارەت دێت، و دەرکردە بریتییە لە بەخشینی ژمارە بۆ نووسراوەکە کە دواتر لە سیستەمدا تۆمار دەکرێت.
لە بەشێکی دیکەی سەردانە زانستییەکەدا، فێرخوازان بەشی ژمێریارییان بەسەرکردەوە. لەوێش تەڵعەت عومەر، باسی لە چۆنیەتیی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران، خەرجیی ڕۆژانە و جێبەجێکردنی پڕۆژەکان کرا. بە گرنگییەوە تیشکی خستە سەر میزانیە کە مانگانە ئامادە دەکرێت تاوەکو داهاتی مانگانە بزانرێت، دواتر خەرجییەکان دێن وەک خەرجیی پەراوگە، چاککردنەوە، مۆبیلیات و میوانداری. پاشان باسی لە جیاوازیی نێوان میزانیە و موازەنە کرد کە میزانیە ئەوە دەردەخات چی بەدەست هاتووە، لە کاتێکدا موازەنە بریتییە لە پێشبینیکردن.
You may also like
فێرخوازانى بەشى کارگێڕى کار بە سەردانێکی زانستى دیوانی چاودێری دارایی بەسەردەکەنەوە

