فێرخوازانى بەشى بایۆمیدیکاڵ یادی ٣٨ ساڵەی قوربانیانى کارەساتی ئەنفال دەکەنەوە
بۆ بەرزڕاگرتنی یادی ٣٨ ساڵەی قوربانیانى شاڵاوە پڕ لە مەرگەساتەکانی ئەنفال و، وەک وەفایەک بۆ خوێنی پاکی شەهیدان، ڕۆژی دووشەممە، ڕێکەوتی ١٤/٤/ ٢٠٢٦، کۆمەڵێک لە فێرخوازانى قۆناغی سێیەم و چوارەمی بەشی بایۆمیدیکاڵ لە زانکۆى جیهان-هەولێر، سەردانێکی مەیدانییان بۆ “مۆنۆمێنت و مۆزەخانەی ئەنفال و شەهیدان” لە شاری هەولێر ئەنجامدا.
ئەم چالاکییە زانستی و نەتەوەییە بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (هێرۆ ئیسماعیل محەمەد) بەڕێوەچوو، لە میانی سەردانەکەدا، شاندی فێرخوازان لەلایەن (شوکرولڵا ئۆدەل)، بەڕێوەبەر و سەرپەرشتیاری مۆنۆمێنتەکەوە پێشوازییان لێکرا. پاشان ڕوونکردنەوەیەکی تێروتەسەلى لەبارەى ڕەهەندە سیمبولییەکانی دیزاینی مۆنۆمێنتەکە پێشکەشکرد، لەگەڵ ئەوەشدا ئاماژەى بەو پەیامە مرۆیی و مێژووییانە کرد کە ئەم شوێنەوارە لەخۆی گرتووە. هەروەها جەختی لە گرنگیی ئەم جۆرە شوێنە نەتەوەییانە کردەوە بۆ بەدۆکۆمێنتکردنی مێژوو و ناساندنی کارەساتەکان بە نەوەی نوێ، هاوکات ئاماژەی بەوەش کرد کە لە ئایندەیەکی نزیکدا مۆنۆمێنتەکە بە شێوەیەکی فەرمی بەڕووی سەردانیکاران و توێژەراندا دەکرێتەوە.
لە کۆتایی بەسەرکردنەوەکەدا، فێرخوازان وەک نیشانەیەک بۆ ڕێز و هاوسۆزی، تاجەگوڵینەی وەفایان لەسەر مەزارە سیمبولییەکانی قوربانیانی ئەنفال دانا و، پەیمانیان نوێکردەوە کە وەک چینێکی ڕۆشنبیرو زانستی، هەمیشە پارێزەری یادەوەریی نەتەوەیی و دەستکەوتەکانی خوێنی شەهیدان بن.








